داعش به‌رپرسیارێتی راده‌گه‌ێنێت له‌ به‌ ئامانجكردنی هێزه‌كانی عێراق له‌ كه‌ركوك

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، رێكخراوی داعش به‌رپرسیارێتی خۆی راگه‌یاند له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كاروانێكی پۆلیسی عێراق كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 9 كه‌س.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی به‌ نۆرس پرێسی راگەیاندبوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی سەفرەی سنوورى ناحیەی ریاز لە پارێزگاى کەرکوک بۆمبێکی چێندراوی داعش بە ئۆتۆمبێلێکی لیوای دووی پۆلیسی فیدڕاڵیدا تەقیوەتەوە .

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، لە ئەنجامى تەقینەوەى ئەو بۆمبە چێنراوەدا هەشت کارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق گیانیان لەدەستدا و دوو کارمەندى دیکەش برینداربوون.

داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ هێرشه‌كه‌ راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هێرشه‌كه‌ بۆته‌ هۆی كوژرانی 9 پۆلیس.

هاوكات شانه‌ی راگه‌یاندنی ئاسایشی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، له‌ پاش هێرشه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی هێزه‌كانی عێراق، داعش په‌نا بدرۆته‌‌ شێوازی نامه‌ر‌دانه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، هێرشه‌كه‌ بووه‌ هۆی شه‌هیدی بوونی ئه‌فسه‌رێك به‌ پله‌ی رایدو چه‌ند پۆلیسێك.

هێزه‌كانی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی توڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان كرد له‌ ئه‌نجامده‌رانی هێرشكه‌و لیژنه‌یه‌كیان  پێكهێنا بۆ ‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ورده‌كاری رووداوه‌كه‌و هۆكاری ئه‌و پێشێلكارییه‌ ئه‌منییه‌.

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی: عه‌دنان حه‌مۆ