“مەسەدە” کاریگەری دەستدرێژییەکانی تورکیا لەسەر چارەسەری سیاسی سوریا تاوتوێ دەکات
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە” لەگەڵ نوێنەرانی توێژەکانی کۆمەڵگا، پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە سەربەخۆکان، کاردانەوەی هێرشەکانی تورکیایان لەسەر رێگای چارەی سیاسی لە سوریا تاوتوێ کرد.
لە پەراوێزی کۆڕبەندی “مەسەدە” کە لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەچوو، دوکتور حسێن عەزام هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنەکە رایگەیاند، ” ئەم کۆڕبەندە درێژەپێدەری زنجیرە سیمینارێکە کە لەلایەن ئەنجومەنەکەیانەوە لە رۆژئاوای کوردستان رێکخرابوو “.
ئاماژەی بەوەشدا، دڵنیان کە هێرشەکانی تورکیا کاریگەری نەڕێنی و ماڵوێرانی هەیه و قەیرانی سوریا درێژدەکاتەوە و رێگرە له رێگەی چارەسەری سیاسی له سوریا.
ئەو سیاسەتمەدارە سورییە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بڕیارانەی لەمجۆرە کۆڕبەندانەوە دەردەچن، پوختە دەکرێن و دەخرێنە بەردەم رای گشتی جیهانی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەو هێزانەی کە لە سوریادا ئامادەن.
لای خۆیەوە عەبدولوەهاب خەلیل ئەندامی ئەنجوومەنی دیار و سەربەخۆکانی کورد لە سوریا ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆڕبەندانە کرد لە ژێر رۆشنایی هەلومەرجی تایبەتی ناوچەکەدا.
خەلیل دەشڵێت، چیتر بۆ هیچ کەسێک نهێنی نییە کە چارەسەری سەربازیی دە ساڵ لەمەوبەر شکستخواردوو بووە.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەری سیاسی سوریا و دیالۆگی نیشتمانی باشترین چارەسەرە و “مەسەدە”ش بەو پێیە کاردەکات بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆڕبەندانە بۆ بەرهەمهێنانی ئەنجامی بەسوود.
خەلیل پێی وابوو کە پێویستە خۆیان بەرووی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکاندا بکەنەوە، کە باوەڕیان بە سوریایەکی نوێ هەیە بۆ هەموو سوورییەکان.
ئەم کۆڕبەندانە بەشێکن لە زنجیرە سیمینارێک کە ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات لە شارەکانی رەققە و مەنبیج و کۆبانی بەڕێوەی بردووە.