بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی ئۆرکێسترای سیمفۆنی لە شاری سلێمانی

سلێمانی – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، کاتژمێر 6ی ئێوارە لە تەلاری هونەر لە پایتەختی رۆشنبیری لە شاری سلێمانی کۆنسێرتێکی نوێی گرووپی ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە کۆنسێرتەکەدا 60 میوزیکژەنی کورد و بیانی بەشداربوون وتیایدا ئاوازە رەسەنەکانی میوزیکی کوردی و میوزیکی کلاسیکی رۆژئاوایی، نمایشکران.

ئەمە جگە لەوەی لەو کۆنسێرتەدا ژمارەیەک ئامێری دەگمەن دەرکەوتن کە تەنها لەم جۆرە کۆنسێرتە سیمفۆنیانە دەبینرێن.

کۆنسێرتەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانیەوە و بە رابەرایەتی د. عەبدوڵا جەمال سەگرمە بەڕێوەدەچوو.

تیایدا نۆ بەرهەمی میوزیکی (مۆزارت، بیتهۆڤن، فۆرێ، ئاکۆ عەزیز، ناسک حەسەن، هەردی مەجید، بەختیار حەمەکەریم، نەورۆز حەسەن و د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە)ی رێبەری ئۆرکێستراکە پێشکەش کران.