وەزیری دەرەوەی سوید: تورکیا مافی خۆیەتی “بەشێوازێکی میانڕەوانە” بەرگری لە ئاسایشی وڵاتەکەی بکات
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا رایگەیاند، “هەموو وڵاتێک مافی خۆیەتی بەرگری لە وڵاتەکەی بکات لە دژی تیرۆر، ئەم مافە تورکیاش دەگرێتەوە.”
هەروەها وەزیری دەرەوەی سوێد دەڵێت، “رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەکە زۆر گرنگە، بەڵام تورکیا وڵاتێکە کە چەندین ساڵە کراوەتە ئامانج و هۆکاری شەرعی هەیە کە بەرگری لە خۆی بکات لە دژی تیرۆر، بەڵام حکومەتی سوێد لەو بڕوایەدایە دەبێت ئەو بەرگریکردنە بەشێوازێکی میانڕەوانە بکرێت.”
سەبارەت بە رێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا بۆ بە ئەندامبوونی وڵاتەکە لە هاوپەیمانیی ناتۆ، وەزیری دەرەوەی سوێد باسی لەوە کرد، بەرەوپێشچوون لەو رووەوە هەبووە و گوتیشی، “دواخستنی پرۆسەی بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ کارێکی دروست نییە.”