ئیلهام ئەحمەد: هیچ دڵنیاییەک نییە کە رووسیا گڵۆپی سەوزی بە تورکیا دابێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی
واشنتن – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ئەمڕۆ لایەنی تورکی قسەی لەسەر رەزامەندی رووسیا کرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی تورکیا لە رۆژئاڤا و باکووری سوریا، بەڵام ئەو زانیارییانە میدیاکانی تورکیا لەزاری حکومەتی وڵاتەکەیانەوە گواستیانەوە، ئیلهام وتی: “رووسیا هیچ دڵنیاییەکی لەمبارەوە بە ئێمە نەداوە.”
لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی “زوم”ی ئینستیتیوتی کوردی لە واشنتۆن، ئیلهام ئەحمەد گومانی هەبوو لە نیازی ئه نقەرە سەبارەت بە نزیکبوونەوە لەگەڵ دیمەشق و ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە ئەو لێکنزیکبوونەوەیە لە سەر حیسابی کورد و دۆزەکەی بێت لە ناوچەکەدا.
ئەحمەد ئاماژەی دا کە تورکیا هەوڵ دەدات فشار بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی چەند فایلێک لەوان نزیکبوونەوە لە دیمەشق و قۆستنەوەی قۆناخی ئێستا و بەتایبەت شەڕی ئۆکرانیا و گومانکردن لە فراوانبوونی ناتۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت ئەمە لەسەر حیسابی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕووبدات.
باسی لەوەشکرد، پڕۆژەی بەڕێوبەری خۆسەر هەوڵدانە بۆ مافەکانی گەلی کورد لەچوارچێوەی سوریایەکی ئۆتۆنۆمی و دیموکراسیدا کە مافەکانی هەموو هاوڵاتیانی سوریا دەستەبەر بکات.
سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، ئاماژەی بەوەدا، ئەوان لە ئەنجومەنەکە پێیان وایە کە دەکرێت پرسی کورد لە کوردستانی عێراق و تورکیا لە چوارچێوەی دەوڵەتان و سیستمە فیدراڵیەکاندا چارەسەر بکرێت کە دان بە شوناسە هەمەچەشنەکانی هەموو ئەو هاووڵاتیانەدا بنرێت.
سەبارەت بە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بە هەڕەشەکانی تورکیا، ئەحمەد وتی، “کاردانەوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمجارە لە ئاستی پێویستدا نەبوون، بەتایبەتی لە رۆژانی سەرەتای هەڵمەتی ئاسمانی لە ناوچەکەدا، بەڵام دواتر پەرەی سەند”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاردانەوەکان هێشتا پێویستیان بە کردەوەی راستەقینە هەیە کە توانای وەستاندنی هەڕەشەکانیان بە شێوەیەکی ڕیشەیی هەبێت.