ئەردۆغان هەوڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی دەدات لەگەڵ ئەسەد و پوتیندا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە هەوڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیدایە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا.
ئەو قسانەی ئەردۆغان لە لێدوانێکدا لە نێو فڕۆکەدا هات، کە لە میانی گەشتی گەڕانەوەیدا لە تورکمانستانەوە، پێشنیاری بۆ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کرد کەوا “پێویستە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی (تورکیا، رووسیا، سوریا)ی سەرۆکەکان ئەنجام بدرێت”.
جەختی لەوە کردەوە کە پوتین “بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ ئەو پێشنیازەدا کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای تەواوکردنی دانوستانە هەواڵگرییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆکەکان کۆببنەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “رەنگە لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیدا کۆببینەوە”.
ئەردۆغان رایگەیاند: “ئەو هەنگاوانەی یەکگرتن کە لەگەڵ سوریا دەیگرینەبەر، ئەرێنی و سوودبەخش دەبن بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان، بەمەبەستی گەیشتن بە بەرژەوەندییەکان.”
وتیشی پێشنیاری کردووە پوتین میکانیزمێک لەگەڵ رووسیا و سوریا دابڕێژێت بۆ خێراکردنی رێڕەوی دیپلۆماسی لە سوریا.