بانکی نێودەوڵەتی قەرزەکانی سوریا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتەڕوو
دیمەشق – نۆرس پرێس
کۆمەڵەی بانکە نێودەوڵەتی لە دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، قەرزە دەرەکییەکانی سوریا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە میسر، ئێران و تورکیا ئاشکرا دەکات.
بڕی قەرزی دەرەکی سوریا لە کۆتایی ساڵی 2021دا، 5 ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا 4.8 ملیار دۆلار بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئابووری سوریا بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە لە دۆخێکی مەترسیداردایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی ئەمریکی مۆنیتەر بڵاویکردووەتەوە، قەرزی دەرەکی میسر143.3 ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا 129.8 ملیار دۆلار بووە.
سەبارەت بە قەرزە دەرەکییەکانی ئێران، لە ساڵی 2021دا، 10.4 ملیار دۆلار بووە، کە نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە ساڵی پێشوو کە 5.4 ملیار دۆلار بوو.
قەرزی ئوردن لە ساڵی رابردوودا گەیشتە 41.8 ملیار دۆلار، لە چاو ساڵی رابردوودا کە 38 ملیار دۆلار بوو.
لوبنان کە لە قەیرانێکی ئابووری وێرانکەردا دەژی، قەرزەکانی 66.9 ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا 68.9 ملیار دۆلار بووە.
هەرچەندە قەرزەکە کەمێک کەمی کردووە، بەڵام زۆرێک لە قەوارەکان ئامادە نین پارە بە قەرز بدەن بە لوبنان تا ئەو کاتەی چاکسازیی لە حوکمڕانی و گەندەڵیدا جێبەجێ نەکات.
هەرچی تورکیاشە کە لیرەکەی داڕماوە، قەرزە دەرەکیەکەی 435.5 ملیار دۆلاری بوو، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020 دا 441.2 ملیار دۆلار بووە.
هاوینی رابردوو، دەزگای هەڵسەنگاندنی قەرز کە بنکەکەی لە نیویۆرکە رایگەیاندبوو، تورکیا بەهۆی زۆری قەرز و کێشە ئابوورییەکانییەوە روبەڕووی قەیرانی نەختینەیی دەبێتەوە، بە تایبەت کە هەڵاوسانە زۆرەکەی دەبێتە گرفت لەبەردەم گەشەکردنی ئابووریەکەیدا.
یەمەن کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە، قەرزەکەی گەیشتە 7.6 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا 7.1 ملیار دۆلار بووە.