زنجیرەتەقینەوەیەک لە پایتەختی ئۆکرانیا رویاندا

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەک تەقینەوەی بەهێز ناوەڕاستی کیێڤیان هەژاند، کە پێدەچێت لەئاکامی کەوتنەوەخوارەوەی چەند مووشەکێکەوە روویاندابێت.

ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە تەلەگرام رایگەیاند، لە ناوچەی شێڤچێنکیڤسکی لە ناوەراستی پایتەختی ئۆکرانیا چەند تەقینەوەیەک روویانداوە، کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی چەند مووشەکێک لەو پارێزگایە روویانداوە.

ڤیتالی بونێچکۆ، بەرپرسی ناوچەی ژیتۆمیر کە نزیک کیێڤە، لە تەلەگرام هۆشداری داوە لەوەی دوای هێرشەکانی بەیانی ئەمڕۆی سەر کیێڤ رەنگە زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رووبدات.

مێلیندا سیمۆنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە ئۆکرانیا لە تویتەر رایگەیاند، لە دەرەوە دەنگی تەقینەوە دێت، لە پەنجەرەکان دووربکەونەوە، گوتیشی “هێشتا زووە بۆ هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر کیێڤ”.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ راشیگەیاند، سیستمی بەرگری 10 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خستەخوارەوە، کە دروستکراوی ئێرانن.

لەلایەکی دیکەوە، پێنتاگۆن رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو بۆ ئۆکرانیا.

ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە کە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، ئەمەریکا بەنیازە مووشەکی پاتریۆت بدات بە ئۆکرانیا. رووسیاش بەردەوام هۆشداری داوەتە ئەمەریکا لەدژی هەنگاوێکی لەمجۆرە.