هەولێر – نۆرس پرێس
لە نوێترین راپۆرتیاندا، پەیامنێرانی بێسنوور رایانگەیاند، لە ساڵی 2022دا 57 رۆژنامەوان لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون و 533 ی دیکەش زیندانی کراون.
ئەمڕؤ چوارشەممە، پەیامنێرانی بێسنوور راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی رۆژنامەوانان لە ساڵی 2022 لە سەرانسەری جیهان بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2022دا 57 رۆژنامەوان لە جیهاندا کوژراون، ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو 50 رۆژنامەوان و ساڵی 2020یش 48 کوژرا بوون.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، هەر لە ساڵی 2022دا 533 رۆژنامەوان لە جیهاندا زیندانی کراون، ئەوە لەکاتێكدایە ژمارەکە لە ساڵی 2021دا 488 بووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی سەرکوتکارییەکانی خۆپێشاندەرانی ئێرانەوە، زیندانیکردنی رۆژنامەوانان لە جیهاندا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.
لە راپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێسنووردا هاتووە، زیاتر لە نیوەی ئەو رۆژنامەوانانەی ئەمساڵ لە جیهاندا زیندانیکراون، لە پێنج وڵاتن و چین کە بە “گەورەترین گرتووخانەی رۆژنامەوانان” ناوبراوە لە پێشەنگی جیهاندایە و 110 رۆژنامەوانی زیندانیکردووە، لە دوای ئەویش میانمار دێت بە زیندانیکردنی 62 رۆژنامەوان و لە پلەی سێیەمش ئێرانە کە ئەمساڵ 47 رۆژنامەوانی زیندانیکردووە، پاشان ڤیێتنام کە 39 رۆژنامەوانی زیندانیکردووە و لە پلەی پێنجیش بێلاڕووسە کە 31 رۆژنامەوانی زیندانیکردووە.
لە درێژەی راپۆرتەکەی ساڵی 2022ی پەیامنێرانی بێسنووردا هاتووە کە 65 رۆژنامەوان بە بارمتە گیراون و 49ی دیکەشیان بێسەروشوێنن.