پنتاگۆن دەستپێکردنەوەی سەرجەم کاروانە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ هەسەدە راگەیاند
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە تەواویی دەستپێکردنەوەی کاروانە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیاوە راگیرابوون.
گوتەبێژی پنتاگۆن، پات رایدەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە 9ی کانوونی دووەمەوە بە تەواوی دەستیپێکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرنجمان لەسەر کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکان (هێزەکانی سوریای دیموکرات) بووە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش”.
دوێنێ سێشەممە، “هەسەدە” دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی رێکخراوی “داعش” و دوو ئەندامی دیکەی راگەیاند، لە یەکەم ئۆپەراسیۆنیاندا بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوای هێرشەکانی تورکیا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هێزەکانی ئەمریکا لە مەترسیدان، لە دوای کۆتا لێدوانی پنتاگۆن کاتێک بە ئاشکرا رایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا بەهۆی هەندێک چالاکیی سەربازییەوە لە مەترسیدان و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا یەکێکە لەو مەترسییانە، ریدەر وتی: نەخێر، ئەوەندەی من ئاگادار بم.
بەڵام جەختی لەوەشکردەوە، “بەتەواوی ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی بەردەوامبین لە پاراستنی سەقامگیریی ئەو ناوچەیە (باکووری رۆژهەڵاتی سوریا)، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکانمان لە ناوچەکەدا بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش”.
گوتەبێژەکە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی هاوبەشییەکە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانی داعش، لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە “تورکیا هاوپەیمانێکی نزیکی ناتۆیە، ئێمە بەردەوام دەبین لە راوێژکاری و کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ تورکیا”.