نەتەوەیەکگرتووەکان: توندوتیژی کۆمەڵایەتی لە سوریا بەردەوامی هەیە
قامیشڵۆ- نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایانگەیاند، “توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی هێشتا واقیعێکی بەردەوام و زیندووە لە سوریا و شێوازی دەستدرێژی جەستەیی، سێکسی، دەروونی و ئابووری دەگرێتەبەر”.
لە راگەێنراوێکداکە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی هەڵمەتی 16 رۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جێندەری، ئاماژە بەوەکراوە کە نزیکەی 7.3 ملیۆن کەس لە سوریا کە زۆربەیان ژن و کچن، پێویستیان بە هاوکاری هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جێندەری.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ژنان و کچانی ئاوارە لە هەموو ناوچەکانی سوریا لە مەترسیدان، بە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریاشەوە، کە نزیکەی دوو ملیۆن و 900 هەزار ئاوارەیان تێدایە، 80%یان ژن و منداڵن.
لە راگەێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژنان و کچانی سوریا رۆژانە رووبەڕووی سنووردارکردن دەبنەوە لە جووڵە و دەستڕاگەیشتن بە کار، خزمەتگوزارییەکانی پاراستن، چاودێری تەندروستی و ئەوانی دیکە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە پێشکەشکردنی پاراستن و پاڵپشتی رزگارکردنی ژیان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ژنان و کچان پێویستی بە وەبەرهێنانی بەرچاو هەیە لە خۆپاراستن و وەڵامدانەوەیدا.
نیگەرانی خۆیان لە ئاست ئاستەنگە بەرچاوەکان و هەروەها خاوبوونەوەی ئابووری-کۆمەڵایەتی لە سوریا و شەڕ و توندوتیژییە بەردەوامەکان لە بەشێک لە وڵاتەکەدا دەربڕی.
ئاماژەیان بەوەدا کە تێکچوونی بارودۆخی ئابووری وڵات و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکیەکان خێزانەکانی ناچارکردووە بە میکانیزمی نەرێنی ڕووبەڕووی ببنەوە وەک هاوسەرگیری پێشوەختە.