ئاسایشی دهۆك: هێرشكه‌ی سه‌ر باره‌گه‌كه‌یان تیرۆرستی بووه‌

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

رۆژی دوو شه‌ممه‌، ئاسایشی دهۆك جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر بارەگاکەیان تیرۆرستی بووه‌.

ئاسایشی دهۆک لە روونکردنەوەیەکدا رایگه‌یاند، “هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر بنکەی ئاسایشی رۆژهەڵات، تیرۆریستی بووە و بکەری سەرەکی رووداوەکە بە ناوی (ل،ه،ج) لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژراوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەئێستادا دۆخی ئەمنی دهۆک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، رێگەنادەین ئاسایشی پارێزگاکە تێکبدرێت و رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی تێکدەرانە دەوەستینەوە، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ورده‌كارییه‌كی دیكه‌ ئاشكرا بكات.

دوای نوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە  چەکدارێک هێرشیکردە سەر بینای ئاسایش لە ناوشاری دهۆك و لە ئەنجامدا کارمەندێکی ئاسایش بە ناوی ئازاد ئیبراهیم کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو، دواتر تەقەکەرەکەش کوژرا.