فەرماندەی هێزی کۆماندۆی کوردستان گیانی له‌ده‌ستدا

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ کە لە مانگی تشرینی یه‌كه‌م لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکدا برینداربوو، بەهۆی سەختیی برینەکەی لە ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.

فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان له‌باننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، “بەداخ و خەمێكی قووڵەوە “ئاكام عومەر” فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان دوای مانەوەی له‌ وڵاتی ئەڵمانیا بەھۆی سەختی برینەکەی گیانی پیرۆزی بەخشیە خاك و نیشتمان”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئاكام عومه‌ر بەڵێنەكەی خۆی لەپێناوی كوردستان بەجێهێنا و شەھید بوو، ئیمه‌ له‌ فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان ئەم كۆستە گەورەیە بە هاوڕێ و هاوسەنگەران و دڵسۆزانی ڕادەگەیەنێن.

رۆژی 19 تشرینی یه‌كه‌می رابردوو، بەمەبەستی کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش، هێزەکانی کۆماندۆ بە سەرپەرشتیی ئاکام عومەری فەرماندەی هێزەکە، ئۆپەراسیۆنێک له‌ شارۆچکە زنانەی سنووری گەرمیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بەڵام “تۆڕێکی مین” بەهێزەکەدا دەتەقێتەوەو بەو هۆیەوە ئەندامێکی هێزەکە شەهید دەبێت و فەرماندەکەیان و حەوت ئەندامی دیکە بریندار دەبن.