توركیا جارێكی دیكه داوا له روسیا ده‌كات پابه‌ندی رێككه‌وتننامه‌ی سوچی بێت
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
رۆژی یه‌ك شه‌ممه، جارێكی دیكه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا داوای له ڤلادیمێر پوتنی هاوتا روسییه‌كه‌ی كرد، پابه‌ندی رێككه‌وتننامه‌ی سوتچی نێوان هه‌ردووڵات بێت كه له‌ساڵی 2019 مۆریان كردووه.
میدیاكانی روسیا بڵاویانكرده‌وه، له‌په‌ێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا پوتن و ئه‌ردۆغان چه‌ند دۆسییه‌كیان تاوتوێكرد كه دیارترینیان ره‌وشی ئاسایشی سوریابوو.
ئه‌ردۆغان داوای له پوتین كرد پابه‌ندی برگه‌كانی یاداشتی سوتچی 2019 بێت، كه داوا ده‌كات هێزه‌كانی سوریای دیموكرات “هه‌سه‌ده” كه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش یشتیوانی ده‌كرێت، به قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر له سنووره‌كانی سوریا- توركیا پاشه‌كشه بكه‌ن.
توركیا پرۆپاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كات كه “هه‌سه‌ده” مایه‌ی مه‌ترسییه بۆ سه‌ر سنووره‌كانی و له نۆی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2019 دا به‌بیانووی پاراستنی سنووره‌كان، توركیا‌و گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ر به ئه ئه‌نقه‌ره، ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی زه‌مینییان ئه‌نجامدا، بۆ سه‌ر هه‌ردوو شاری سه‌رێ كانی و گرێ سپی له رۆژ ئاوای كوردستان.
سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانی چه‌ند مانگی رابردووی توركیا بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی زه‌مینی نۆی له باكووری سوریا شكستی هێنا، به هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه.
هه‌فته‌ی رابردوو، هۆزان عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له گه‌ڵ ئاژانسی نۆرس پرێس جه‌ختی كردبۆوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هێزه‌كانیان پابه‌ندن به رێككه‌وتنی نێوان روسیا‌و توركیا، كه بووه هۆی كۆتایی هێنان به ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینی توركیا له ساڵی 2019دا.
كۆتایی مانگی ئه‌یلولی 2019، به فه‌رمانی دۆنالد تامپی سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا، هیزه‌كانی ئه‌و وڵاته له ناوچه سنورییه‌كانی توركیا كشانه‌وه‌و، له حه‌وتی مانگی تشرینی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵ بتوركیا بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ ئۆپه‌راسیۆنێكی زه‌مینی ئه‌نجامداو پاشان به فشاری ئه‌مریكاو روسیا ئاگربڕی كاتی راگه‌یه‌ندرا.
له پاش ئه‌و هێرشه، رێككه‌وتنێك له سوچی كرا بۆ جێگیركردنی هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا له سنووری نێوان سوریا‌و توركیا و كشانه‌وه‌ی “هه‌سه‌ده” به قوڵایی 30 كیلۆمه‌ترو ئه‌نجامدانی كاروانی سه‌ربازی هاوبه‌ش له نێوان روسیا‌و توركیا، له خاكی سوریادا.