لیرەی سووری لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا داڕما

دیمەشق – نۆرس پرێس

لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە لیرەی سوری، لە مامەڵەکانیدا ئەمڕۆ یەکشەممەدا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەبڕی زیاتر لە 200 لیرە لە بازاڕی رەشدا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەمڕۆی لیرە ، ئەمڕۆ لە رۆژئاوای کوردستان، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 6150 لیرەی سووری فرۆشراوە و بە 6200 لیرە کڕینی پێوەکراوە، لە کاتێکدا دوێنێ بە  5950 بووە لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا.

لە دیمەشق، نرخی دۆلار زیاتر لە 100 لیرە بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و لە 6100 لیرەوە بۆ فرۆشتن و 6030 بۆ کڕین جێگیر بوو، دوای ئەوەی دوێنێ شەممە، لە کردنەوەی بازاڕی بازرگانیدا 5970 لیرە بووە بۆ کڕین.

پێرێ هەینی، میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند کە بانکی ناوەندی سوریا “مایەپووچ بووە و دوای سێ مانگی دیکە توانای پێدانی مووچەی نابێت.”

لە کاتێکدا بانکی ناوەندی دوێنێ شەممە، لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم هەواڵە، وتی کە “نەختینەی بەردەستیان بەشی ساڵانێک  دەکات نەک تەنها چەند مانگێک، جگە لە بەردەستبوونی پشکی پێویست لە دراوی بیانی.”

جگە لەوەش نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، گرامێک زێڕی عەیارە 21 گەیشتە 316 هەزار لیرە، لە جەزیرەی سوریا، لەکاتێکدا دوێنێ نرخەکەی 309 هەزار بوو.

لە دیمەشق، یەک گرام زێڕی عەیارە 21 بە 311 هەزار لیرە مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا دوێنێ بە 304 هەزار لیرە بووە، بەپێی ماڵپەڕی ئەمڕۆی لیرە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: دڵسۆز یوسف