نوێنەرانی خێڵە عەرەبەکان ئیدانەی “هێرشه‌كانی تورکیا” بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەکەن

حه‌سه‌كه‌ – نۆرس پرێس

نوێنەرانی خێڵ و هۆزە عەرەبەکان لە شارۆچکەی تەل براک لە گه‌نده‌واری حەسەکە، ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، “به‌رده‌وامی دەستدرێژی تورکیا” بۆ سەر باکووری سوریا “بەبێ بێباکییه‌ بەرامبەر بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، و هەوڵێکە بۆ تێكدانی سه‌قامگیری و زیندووکردنەوەی خانه‌كانی داعش”.

ئه‌مه‌ لە بەیاننامەكه‌ی نوێنەر و ناوداری هۆز و خێڵە عەرەبەکان لە ناحیەی تەل بارەک لە باشووری قامشلۆ هات، له‌سه‌ر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان.

لە بیستی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا ناوچە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچه‌كانی ژێرده‌سهه‌ڵاتی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ر له‌ باکوری سوریا كه‌وتونه‌ته‌ بەر هێرشی ئاسمانی و زەمینی تورکیا کە بۆته‌ هۆی گیانی له‌ده‌ستدانی هاوڵاتییانی مه‌ده‌نی و زیانی به‌ ژێرخان و دامەزراوە نەوتییەکان گه‌یاندووه‌.

لە بەیاننامەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە هەڵوێستی “ڕوون و چارەنووسساز” بگرێتەبەر بۆ ئەوەی “دەستدرێژی تورکیا” ڕابگرێت، كه‌ سەقامگیری ناوچەکە تێكده‌دات، و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان ده‌كاته‌ ئامانج.

خێڵەکان پشتگیریان لە بڕیاری هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، تا ڕێكه‌وتنی پاراستنی خاک و سنوورەکانی لە هەر دەستدرێژی تورکیا بكرێت.

ئامادەکردنی: ئیڤا ئەمین – داڕشتنه‌وه‌ی: دڵسۆز یوسف