واشنتۆن هه‌ر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ڕۆژئاوای كوردستان به‌توندی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا به‌توندی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ هەر کردەوەیەکی سەربازی تورکیا، و لەشکرکێشی زەمینی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان دووپاتکردەوە.

وتەبێژی دووەمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤێدانت پاتەل، لە وەڵامەکەیدا سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتۆن بەرامبەر بە نیازی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ڕۆژئاوای كوردستان، ڕایگەیاند، “ئەمریکا بەردەوامە لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی توندی خۆی بەرامبەر بە کردەوەی سەربازی، بە شێوەیەکی تایبەت و ئاشکرا.”

ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پاتەل ڕاشیگه‌یاند: کردەوەی سەربازی دەبێتە هۆی زیاتر ناسەقامگیری ژیانی پێکهاتەکانی سوریا و مەترسی ده‌خاته‌ سه‌ر ئەو پێشکەوتنانەی کە لە دژی داعش بەدەست هاتوون.

ئەمه‌ دوایین ڕوونکردنەوە لە کاتێکدا، تورکیا و ڕووسیا ڕاوێژی ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، هەڵوێستی وڵاته‌كه‌ی ئاشكراكرد و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە پەرەسەندنه‌كانی سنوری تورکیا و سوریا ڕابگیرێن و چونكه‌ هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتی هاووڵاتیانی مەدەنی و سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا دروستكردووه‌ کە لەوێ جێگیرکراون.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر‌