هیومان رایتس وۆچ: هێرشەکانی تورکیا خەڵکانی سڤیل دەکات بە ئامانج و خزمەتگوزارییەکان پەکدەخات و قەیرانە مرۆییەکان کەڵەکەدەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
شەوی چوارشەممە، هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا کە لە 20ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، زیانی بە ناوچە چڕەکانی دانیشتوان و ژێرخانی ژیان گەیاندووە لە باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان و قەیرانی مرۆیی زیاتر کردووە.
راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هێرشی درۆنەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی خێزانەکان، پچڕانی زۆری تەزووی کارەبای، کەمیی سووتەمەنی، رێکخراوەکانی فریاگوزاری ناچارکردووە هەندێک چالاکییان بۆ ماوەیەکی کاتی رابگرن و قوتابخانەکان دەوامیان پەکخستووە.
راپۆرتەکە لە زاری جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیومان رایتس وۆچ، ئادەم کوگل، نووسیویەتی “هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی دانیشتووەکان و ژێرخانی گرنگ لە باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان، بە پلەی یەکەم مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوریاییەکان لە ئێستاوە بەدەست کارەساتێکی مرۆیی و پەرەسەندنی قەیرانی ئاوارەبوون و ئابوورییەکی لەرزۆکەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا هێرشە سەربازییەکانی تورکیا دۆخی ترسناک بۆ عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی دیکەی دانیشتووی ناوچەکە خراپتر دەکات.
لە راپۆرتەکەدا باس لە کۆڕبەندی رێکخراوە ناحکومییەکان لە رۆژئاوای کوردستان کراوە، تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە لانیکەم 10 هاوڵاتی سڤیل لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیادا کوژراون، لەنێویاندا رۆژنامەنووس “عیسام عەبدوڵڵا”، لەکاتێکدا سەرقاڵی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێک بوو لەگەڵ دانیشتوانی شاری دێریکدا.
بەئامانجکردنی دامەزراوەکانی نەوت و گاز، قەیرانی سووتەمەنی زیاتر کردووە، لە ئێستاوە قەیرانێک لە رۆژئاڤا دروست بووە، ئەمەش وایکردووە دانیشتووان لە زستاندا قەیرانی بەدەستهێنانی سووتەمەنیان هەبێت بۆ چێشت لێنان و گەرمکردنەوە.
کوگل وتی: “تورکیا دەتوانێت و پێویستە دڵنیابێت لەوەی کە کردەوە سەربازییەکانی قەیرانی مرۆیی و ئاوارەبوون لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا گەورەتر نەکەن”.
رێکخراوەکە داوای لە “هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی تورکیا کردووە کە فشار بخەنە سەر ئەنقەرە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی هەڵمەتەکەی هەڕەشە لە مافە سەرەتاییەکانی سوریاییەکان ناکات”.