بەڕێوبەری خۆسەری: ئابڵوقەی حکومەت کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، گەمارۆی دیمەشق بۆ سەر کامپەکانی ئاوارەکانی عەفرین لە گوندەواری باکووری حەڵەب، کارەساتێکی مرۆیی بۆ سەدان هەزار کەس بەدوای خۆیدا دەهێنێت .
ئابڵوقەی حکومەت کە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی راگرتنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و داخستنی قوتابخانەکان، هەروەها هەڕەشەی راگرتنی کارەکانی نەخۆشخانەیەکیش دەکات بەهۆی رێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی سووتەمەنی و پێداویستییەکان لەلایەن فیرقەی چوارەمی حکومەتی سوریاوە، بەپێی وتەی بەرپرسانی تەندروستی.
چیاکورد لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەم کارانە زیان بە هەوڵەکان دەگەیەنن بۆ چارەسەرکردن و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بەو هەرێمە و تەواوی رۆژئاوای کوردستان”.
ئەو بەرپرسەی بەڕێوبەری خۆسەر باسی لەوەش کرد کە ئەو ناوچەیە رۆژانە تورکیا بۆردومانی دەکات، هەروەها گەمارۆدانی حکومەتی دیمەشق نەهامەتیەکانی ئەو خەڵکە ئاوارەی زیاتر دەکات.
وتیشی: واقیعەکە کارەساتبار و قبوڵ نەکراوە، باشتر بوو حکومەت ئاسانکاری بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتیەکان بکات، ئەم هەرێمانە و هەموو ناوچەکانی تر بە گشتی دەبێت بێلایەن بکرێن لە سیاسەتی ئیستفزازی، وەبەرهێنانی ماددی، کۆکردنەوەی باج، و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی گەمارۆ و زەوتکردن بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی یان ماددی”.
چیاکورد ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوبەری خۆسەر “بەبێ هەڵوێست نامێنێتەوە لەسەر ئەم گەمارۆیە”، بەڵام رایگەیاند کە نایانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتربکەن، “هەوڵدەدەین خزمەتکردنی دانیشتوانی ئاوارە بکەینە یەکێک لە کارە سەرەتاییەکانمان”.
ئەو بەرپرسەی بەڕێوبەری خۆسەر باسی هۆکاری ئەم ئابڵوقەی نەکرد یان ئەگەر هەوڵێک هەبووبێت بۆ کۆتایی هێنان بەو ئابڵوقەیە، هەروەها خۆسەری تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.
لە کاتێکدا نەتوانرا زانیاری لەسەر هاتنی چەند تانکەرێکی سووتەمەنی پشتڕاست بکرێتەوە، دانیشتوانی ناوچەکەش وتیان کە تا ئێستاش بەدەست دەرئەنجامەکانی ئەم گەمارۆوە دەناڵێنن.