نەخۆشخانەیەک لە گوندەواری باکووری حەڵەب مەترسی داخستنی لەسەرە
گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس
گەمارۆ خنکێنەرەکەی حکومەت بۆ سەر ناوچەی کامپی ئاوارەکانی عەفرین لە گوندەواری باکووری حەڵەب، نەخۆشخانەیەک بەتەواوی مەترسی داخستنی لەسەرە، دوای راگرتنی چەندین دامەزراوەی خزمەتگوزاری و داخستنی قوتابخانەکان، بەهۆی رێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی سووتەمەنی و پێداویستیەکان لەلایەن فیرقەی چوارەمی حکومەتی سوریاوە.
ئەو گەمارۆیە کە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە دەستیپێکردووە، نارەحەتییەکانی زیاتر لە 200 هەزار پەنابەری ناوچەی عەفرین زیاتر دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئازاد ڕەشۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرین لە قەزای فافین لە گوندەواری باکووری شاری حەڵەب، رایگەیاند، نەخۆشخانەکە “بەهۆی ئەو گەمارۆیەی حکومەت بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە، هەڕەشەی وەستاندنی خزمەتکردنی بەتەواوی لێدەکرێت، کە لەوانەیە مەترسی لەسەر ژیانی بەشێک لە نەخۆشەکان دروستبکات”.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەی عەفرین و نەخۆشخانەی تل رەفعەتیان بەدەست کەمیی دەرمان و سلندەری ئۆکسجینی زۆرەوە دەناڵێنن، هەروەها کەمبوونەوەی سووتەمەنی دەبێتە هۆی داخستنی تەواوەتی نەخۆشخانەکە.
لە ساڵی 2018 دوای هێرشی تورکیا بە یاوەری گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، نزیکەی 300 هەزار کەس پەنایان بردە بەر عەفرین و لە کەمپەکانی “ئەلعەودە، عەفرین، بەرخدان، سەردەم و شەهبا” نیشتەجێ بوون، ئەوانی تریش بەسەر 42 گوند و شارۆچکە باکووری حەڵەبدا دابەشبوون.
رەشۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بەنزیکەیی هەموو نەخۆشەکانیان لە نەخۆشخانەکە دەرهێناوە، هەروەها توانیویانە هەندێکیان لە رێگەی رێگاکانی قاچاخەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری حەڵەب بکەن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەفرین رایگەیاند، هەموو ئەو نەشتەرگەریانەیان دواخستووە کە دەبوو بۆ نەخۆشەکان ئەنجام بدرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دواکەوتنی ئەنجامدانی هەندێک نەشتەرگەری دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بەشێک لە نەخۆشەکان.