بەرپرسێکی تورکیا: دیمەشق داواکاری تورکیای رەتکردەوە بۆ رێکخستنی دیدارێک لە نێوان هەردوو سەرۆکدا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا، ئۆرهان میری ئۆغڵو ئاشکرای کرد، دیمەشق داواکارییەکی ئەنقەرەی رەتکردەوە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوتا سورییەکەی، بەشار ئەسەد، پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

دوێنێ سێشەممە، داودئۆغڵو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی “سپۆتنیک”ی رووسی رایگەیاند، دیمەشق بەنیازە کۆبوونەوەکە دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەبچێت.

دووشەممەی رابردوو، ئیبراهیم کالین، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ ماڵپەڕی ئەلجەزیرە رایگەیاند، سەرۆک کۆماری تورکیا لە رێگەی قسەکانییەوە سەبارەت بە ئەگەری دیداری لەگەڵ ئەسەد، “پەیام بۆ دووەمیان دەنێرێت”.

ئەردۆغان پێی وایە کە “ئەگەر ئەسەد بەرپرسیارانە مامەڵە بکات و نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بڕەوێنێتەوە، پێشکەوتن لە رێڕەوی سیاسی سوریادا بەدەست بهێنرێت، ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە مسۆگەر بکرێت، هەروەها ئاسایش بەدرێژایی سنووری تورکیا و سوریا” ، ئەودەم ئەو ئامادەیە بۆ ئەوەی چاوی پێی بکەوێت “بە گوتەی کالین”.

داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە “تورکیا بەهۆی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە چووەتە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رووسیا، ئەمریکا، ئێران و سوریا”.

چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری سەرۆکایەتی رووسیا لە سووریا رایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە رێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک کۆماری سووریا و تورکیا دەکات.

لاڤرێنتیڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی رەنگە رێگری لە لێکنزیکبوونەوەکە بکات، دوو هۆکارن، ئەوانیش “پرسی سنوورەکان و بوونی تورکیا لە سوریا، هەروەها ئەو پشتیوانییەی کە تورکیا پێشکەشی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : فنسە تامۆ