رێکخراوی ھەنگاو: 300 منداڵ لە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان رفێندراون

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، لە ماوەی 80 رۆژی رابردووی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان زیاتر 300 منداڵ لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندراون کە تائێستا ناسنامەی 130 یان ئاشکرابووە.

بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، زۆرترین ژمارەی منداڵانی رفێندراو لە شاری سنە تۆمارکراوە کە 17 منداڵن، دواتر لە شاری جوانڕۆ 15 و لە  سەقز 14 حاڵەت.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ئەو 13 کەسەی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە،کە 27 کچ و 103 کوڕن.

رێکخراوی ھەنگاو دەڵێت، ژمارەیەک لەو منداڵە رفێندراوانە پاش تێپەڕبوونی چەند رۆژ و ھەفتەیەک لە ناڕوونیی چارەنووسیان، بە شێوەیەکی نایاسایی بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە و پاشانیش کۆمەڵێکیان بە بارمتە ئازاد کراون.

بە پێی بەدواداچوونەکانی ھەنگاو، تا ئێستا دۆسیەی کۆمەڵێک لەو منداڵانە بۆ لقەکانی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی نێردراون.