ئیتالیا بە ملیۆنێک یۆرۆ هاوکاری منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت دەکات لە سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف)، بەشداریکردنی حکومەتی ئیتالیای بۆ پشتیوانیکردنی منداڵانی “خاوەنپێداویستی هزری یان جەستەیی توند و خێزانەکانیانی لە سوریا” راگەیاند، بە بڕی یەک ملیۆن یۆرۆ.
یونیسێف ستایشی پاڵپشتی ئیتالیا و “پابەندبوون”ی کرد بۆ پشتگیریکردنی مافەکانی منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت، لەڕێگەی پێشکەشکردنی هاوکاریی نەختینەی بەردەوام ولەگەڵ پشتیوانی تاکەکەسی لەلایەن کارمەندانی کۆمەڵایەتیەوە.
لە راگەێنراوێکدا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی 14.6 ملیۆن کەس لە سوریا کە زیاتر لە 6.5 ملیۆن منداڵیان تێدایە، لە ساڵی 2022دا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “زۆرجار ئەو منداڵانەی کە پێویستی تایبەتیان هەیە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی ململانێ وجەنگەکانەوە”. ئەوان لەگەڵ خێزانەکانیان تێدەکۆشن بۆ تێپەڕاندنی ململانێی بەردەوام، ئاوارەبوونی بەردەوام، قەیرانی ئابووری بێ وێنە، خراپتربوونی دۆخی هەژاری و بێکاری”.