فەرەنسا ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە بەرامبەر “دەستدرێژییەکان”
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرۆکایەتی فەڕەنسا ئامادەیی پاریسی راگەیاند بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر عێراق، دوابەدوای پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە.
ئەمەش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هات کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە نێوان محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسادا ئەنجامدرا.
بەپێی راگەێنراوی سەرۆکایەتی فەرەنسا، گفتوگۆکە لەسەر دۆخی ناوچەکە بووە، لەکاتێکدا ئەوان “نیگەرانی” خۆیان لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەکانەوە راگەیاندووە.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق دەتوانێت پشت بە پشتیوانییەکانی فەرەنسا ببەستێت لە “رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و هێرشکردنە سەر سەروەری و سەقامگیریی وڵاتەکەی”.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی باکوری هەرێمی کوردستانی عێراق بەرکەوتەی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانن کە نەیارانی ئەنقەرە و تاران دەکەنە ئامانج، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن.
ماکرۆن و سودانی رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە ئامادەکارییەکان بۆ لوتکەی داهاتووی “بەغدا” لەگەڵ ئوردن، کە وابڕیارە لە عەممانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەبچێت و ژمارەیەک سەرکردەی ناوچەکە کۆبکاتەوە.
لای خۆیەوە نووسینگەی راگەیاندنی سودانی رایگەیاندووە، لە پەیوەندییەکەدا کۆمەڵێک دۆسیەی دوولایەنە و بابەتی نیگەرانی هاوبەشیان تاوتوێ کردووە، ئەمە جگە لە “”رێکارەکانی پەرەپێدانی هاوبەشی عێراق و فەرەنسا لە بوارە جیاجیاکاندا”.
بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، 2023، سودانی بانگهێشتەکەی فەرەنسا بۆ سەردانکردنی پاریس قبوڵ بکات.