رووسیا کاروانێکی سەربازی هاوبەش لەگەڵ تورکیا لە کۆبانی هەڵدەوەشێنێتەوە

کۆبانی – نۆرس پرێس

ئەمڕؤ دووشەممە، بۆ سێیەم هەفتە لەسەریەک پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی تورکیا هەڵوەشاندەوە، کە بڕیاربوو لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانی ئەنجام بدرێت.

دووشەممەی رابردووش پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی تورکیا هەڵوەشاندەوە، کە بڕیار بوو لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانی ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی 21ی ئەم مانگە، پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی تورکیا هەڵوەشاندەوە، کە بڕیاربوو لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانی بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی سەرچاوە تایبەتەکان کە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کاروانە هاوبەشەکەی پۆلیسی سەربازی رووسیا دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر کۆبانی.

لە 20ی تشرینی دووەمی رابردووەوە شاری کۆبانی و گوندەوارەکەی بەر بۆردومانی قورسی هێزەکانی تورکیا کەوتووە و لە ئەنجامدا زیانی گیانی و وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.

دوای نیوەشەوی ڕۆژی یەکشەممە/دووشەممە، تۆپخانەکانی تورکیا بە چوار تۆپ گوندی زورمەغاریان کردە ئامانج کە 35کم لە رۆژئاوای کۆبانیوە دوورە.

پێگەکانی سوپای سوریا لە بیستی مانگی رابردووەوە بۆردومان دەکرێن، لەکاتێکدا هێزەکانی تورکیا هێڵی سنووری لە ئەلشەهبا لە رۆژئاواوە تا دێریک لە رۆژهەڵات دەکەنە ئامانج.

پێنجشەممەی ڕابردوو سێ سەربازی سوپای سوریا برینداربوون، لەکاتێکدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا خاڵێکی سەربازی کردە ئامانج، لە گوندی کوران کە 25 کم لە رۆژهەڵاتی کۆبانیوە دوورە و دواتر گواستراونەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە.

لە چواردەی ئەم مانگەدا لایەنەکانی رووسیا و تورکیا 119هەمین کاروانی هاوبەشیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانی ئەنجامدا.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان