
بۆردومانێکی شەوانەی تورکیا رۆژئاوای کۆبانی دەکاتەئامانج
کۆبانی – نۆرس پرێس
دوای نیوەشەوی ڕۆژی یەکشەممە/دووشەممە، تۆپخانەکانی تورکیا بە چەند گولەتۆپێک گوندێکی رۆژئاوای کۆبانییان لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی رایگەیاند، هێزەکانی تورکیا بە چوار تۆپ گوندی زورمغار، 35 کم لە رۆژئاوای کۆبانی، کردووەتە ئامانج.
ئەو سەرچاوەیە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، گولەکان لە نزیک کێڵگەکەی ئەحمەد مونیر نیشتونەتەوە، بەبێ ئەوەی زیانی ماددی و گیانی بگەیەنن.
لە مەزرات ئەحمەد مونیر خاڵێکی سەربازی هێزەکانی حکومەتی سوریا بوونی هەیە و لە بیستی مانگی رابردووەوە بۆردومان دەکرێن، کە هێزەکانی تورکیا هێڵی سنووری لە ئەلشەهبا لە رۆژئاواوە تا دێریک لە رۆژهەڵات دەکەنە ئامانج.
پێنجشەممەی رابردوو سێ سەربازی سوپای سوریا برینداربوون، کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا خاڵێکی سەربازی کردە ئامانج، لە گوندی گۆران کە 25 کم لە رۆژهەڵاتی کۆبانیوە دوورە و دواتر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە.