سلێمانی- نۆرس پرێس
سه‌ره‌نجام گه‌شته چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی جۆبایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ستیپێكردو ئه‌مڕۆ گه‌یشته ئیسرائیل.
بڕیاره بۆ ماوه‌ی دو رۆژ بایدن له‌و وڵاته بمێنێته‌وه، رۆژی هه‌ینیش ده‌چێته فەلەستین و لەگەڵ مەحمود عەباس کۆدەبێتەوە.
لە پاش گەشتنی بۆ ئیسرائیل و پێشوازی لێكردنی له‌لایه‌ت ئیسحاق هرتسوگ، سه‌رۆكی ئیسرائیل له فڕۆكه‌خانه‌ی بن گۆریۆن، بایدن ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه وڵاته‌كه‌ی پابه‌نده به پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و كاریش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن ئیسرائیل ئاوێته‌ی ناوچه‌كه بكه‌ن.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه یائیر لابید، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل باسی له‌وه‌كرد، له‌گه‌ڵ واشنتن باس له دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی جیهانی به‌هێز دژ به ئێران ده‌كه‌ن.
بڕیار وایه دواتر سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی سعودییه بكات و لە کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداویش بەشداری بكات.
بره‌ودان به رێککەوتننامەی ئیبراهیم (ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كاتی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی)، پێکهێنانی هێزێکی ناوچەی له شێوه‌ی ناتۆ و نزیککردنەوەی ئیسرائیل و سعودیه و گفتوگۆ لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته‌وه له ناوچه‌كه، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ و دانوستانی سەرۆکی ئەمەریکا لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ.
وه‌ك پێشتر راگه‌یه‌نراوه، بایدن له سعودیه چاوی ده‌كه‌وێت به هه‌ریه‌ك له عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر و شا عه‌بدوڵا، پادشای ئوردن و مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.