ههولێر – نۆرس پرێس
٢١مین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە شاری ڤێنلوی هۆڵەندا بە دروشمی “لە تێکۆشانی ڕزگاری و ئازادی کوردستاندا، ڕێگای سەرکەوتن یەکڕیزییە” بە بەشداری ٣٠٠ ئەندام و ١٠٠ میوانی کۆنگرە دەستیپێکرد و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ناوەڕۆکی وتارەکانی یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی جڤاتی گشتیی کەنەکە، باسکردن بوو لە دۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە، بەتایبەتیش هێرشهكانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان، لەو ڕووەشەوە جەختکرا، بەرامبەر هێرشەکان بەرگریی لە کوردستان دەکەین”.
زوبێیر ئایدار، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆبوونەوەکە وتاری کردنەوەی کۆنگرەی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند:”کاتی بەستنی کۆنگرە لە دۆخێکدایە کە هێرشەکان لەسەر کوردستان چڕبوونەتەوە، بۆیە بەستنی کۆنگرەکە و دەرەنجامەکانی گرنگ.
پاشان ئادەم ئوزون، سەرۆکی دیوانی کۆنگرە وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، کە “کورد بە پڕۆسەیەکی گرنگدا تێدەپەڕێت و پێویستە وەک کورد پێکەوە دژی هێرشە لەناوبەرەکان بجەنگین”
لە درێژەی کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکانی کەنەکە زەینەب موراد و ئەحمەد قەرەمووس وتاری دەستپێکی کۆنگرەیان پێشکەش کرد و ڕایانگەیاند، “لە پلەی یەکەمدا دەبێت بەرەنگاری هێرشەکانی سەر گەلی کورد ببینەوە، گەورەترین کێشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەی کوردە. ئاشتی و سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایەت تا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەم کێشانەش دەوڵەتی توركیایه، کە بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی داگیرکردووە”.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ٢٦ی ئایاری ١٩٩٩ کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی لە ئەوروپا بەست، لە کۆنگرەکەدا هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداربوون و جگە لە ئەندامانی کەنەکە، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، نووسەران، سیاسەتمەداران و چاودێران بەشدارییان کرد.