هەسەدە رایگەیاند کە پەیوەندیان بە کوژرانی خەلیفەی داعشەوە نییە

دیمەشق – نۆرس پرێس

هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە رایدەگەیێنێت کە هیچ پەیوەندییان بە کوشتنی ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی، خەلیفەکەی داعشەوە نەبووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، رێکخراوەکە کوژرانی خەلیفەکەی لە سووریا راگەیاند.

دوێنێ پێنجشەممە، فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “ئێمە بەشداریمان لە کوشتنی سەرکردەی نوێی داعش، ئەبو حەسەن ئەلقورەشی نەکردووە و هیچ پەیوەندییەکمان بە رووداوەکەوە نییە.”

هەسەدە دەشڵێت، “پاراستنی ناوچەکانمان و گەلەکەمان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ئەرکی لەپێشینەیە بۆ هێزەکانمان لەم کاتەدا، بەڵام تەنانەت بەو شێوەیەش هێزەکانمان رێگە نادەن داعش لەو هێرشانە و دەرفەتەکە بقۆزێتەوە لە داگیرکاری تورکیا و هێرش بکەن.”

فەرماندەیی هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانیان بە ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەی رێکخراو رێگری لە ئەگەری هێرشەکانی داعش دەکەن و “رێگری لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە دەکەن کە دەکرێنە کامپ و زیندانەکان.”

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2022، کۆشکی سپی رەتیکردەوە ئەمریکا دەستی لە کوژرانی خەلیفەکەی داعشدا هەبووبێت و گوتی: “لەبارەی هەر دەستوەردانێک لەلایەن ئەمریکاوە کە پەیوەندیی بە کوژرانی قورەشییەوە هەبێت، دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە ئەمە لە ئەنجامی هیچ کارێکی ئەمریکا نەبووە.”

هەر رۆژی چوارشەممە، جۆ بۆچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی نێوەڕاستی تشرینی یەکەم لە دەرعا لەلایەن سوپای سووریای ئازادەوە کوژراوە.”

چوارشەممەی رابردوو، رێکخراوەکە لە تۆمارێکی دەنگیدا کوژرانی خەلیفەکەی راگەیاند. ئەبو عومەر ئەلموهاجیر، گوتەبێژی رێکخراوەکە لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە رێگەی تەلەگرامەوە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند، ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی لە شەڕدا کوژراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا مانگی ئایاری ئەمساڵ راگەیاندبوو، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە گومان دەکرێت خەلیفەکەی داعش بێت.

گوتەبێژەکەی داعش، کە خەڵکی عێراقە، وردەکاریی لەبارەی کات و شوێنی کوژرانی ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی نەخستووەتەڕوو، بەڵام گوتی، “لە شەڕێکی دژی دوژمنانی خوا” کوژراوە.

لە دوای راگەیاندنی کوژرانی خەلیفەکەیان، ئەبو حوسەین ئەلحوسەینی ئەلقورەشی بە خەلیفەی نوێی داعش هەڵبژێردرا.

کوژرانی ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی کەمتر لە ساڵێک دوای دەستنیشانکردنی بە خەلیفەی داعش دێت، کە مانگی ئاداری ئەمساڵ شوێنی ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەشی گرتەوە، دوای ئەوەی لە 3ی شوباتی ئەمساڵ لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ هێزی ئەمریکا لە سووریا کوژرا.