ئۆکرانیا ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی لە جەنگی دژ بە رووسیادا ئاشکرا دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

راوێژکارێکی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئێوارەی پێنجشەممە رایگەیاند، لەو کاتەوەی جەنگی رووسیا لە 24ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، نزیکەی 13 هەزار سەربازی ئۆکرانیا لەو شەڕدا کوژراون.

راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا، میخایلۆ پۆدۆلاک، بە تۆڕێکی تەلەفزیۆنی ئۆکرانیای راگەیاندووە، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا تا ئێستا لە شەڕی دژی رووسیا لە نێوان 10 هەزار بۆ 13 هەزار سەربازیان لەدەست داوە، ئەمەش بەپێی ئامارە فەرمییەکانی هێزەکانی ئەرکانی گشتی و فەرماندەیی هێزی باڵای ئۆکرانیا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زێلێنسکی “لە کاتێکی گونجاودا” داتا فەرمییەکان بڵاودەکاتەوە.

پێشتر جەنەراڵێکی ئەمریکی پێی وابوو ئەو ژمارەیە زۆر زیاترە و دەگاتە 100 هەزار کەس، هێشتا لەو ئامارانە زیاترە کە وەزارەتی بەرگری رقوسیا لە مانگی ئەیلولی رابردوودا ئاشکرای کردبوو، کاتێک مۆسکۆ رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئێستا 5937 سەربازی رووسیا کوژراون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر