هەسەدە دەرئەنجامی هێرشەکانی تورکیا رادەگەێنێت

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرای کرد کە هێزەکانی تورکیا بە زیاتر لە 125 هێرش، 45 گوند و شارۆچکەی رۆژئاوای کوردستانیان کردووە بە ئامانج.

هەسەدە لە رێگەی بەیاننامەیەکەوە رایگەیاند، هێزەکانی تورکیا بە 80 تۆپ و 6 هاوەن نزیکەی 20 شارۆچکە و گوندی ناوچەکانی باکووری گوندەواری حەلەبیان کردوەتە ئامانج.

هەسەدە رایگەیاند کە هێزەکانی تورکیا  بە 35 تۆپ، چوار گوندیان لە گوندەواری تەل تەمر و 6 گوند و شارۆچکەیان لە ناحیەی زەرکان، لە باکووری حەسەکە، بۆردومانیان کردووە.

هەروەها تۆپخانەکانی تورکیا سێ گوندی گوندەواری کۆبانی و 9 گوند و رێگای نێودەوڵەتی لە گوندەواری گرێ سپی کردە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی بە چوار تۆپ گوندی ئەلحەمامیان لە گوندەواری عەین عیسا کردە ئامانج.

هەروەها بە هاوەن بۆردومانی گوندی “قورت ویران”یان لە گوندەواری مەنبیج و شارۆچکەی ئەلکانتاری سەر بە ئەلتەروازیەیان کرد و لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهید بوو و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

لە 20ی مانگی ڕابردووەوە، هێزەکانی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان پەرەپێداوە و لە ئەنجامدا ژێرخانی ئابووری ناوچەکە تێکچووە و شەهید و بریندار کەوتوونەتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : رەهەف یوسف