بەرگریی فەرەنسا بۆ تورکیا: ئەنجامدانی لەشکرکێشی بۆ سەر سوریا “هانی هەڵاتنی داعشەکان دەدات”

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا رایگەیاند، پاریس “نیگەرانیی قووڵ”ـی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان بە ئەنقەرە گەیاندووە و هۆشداریی پێداوە کە ئەو هێرشانە “هەڕەشەن” بۆ سەر ئەو بەرەوپێشچوونەی لە شەڕی دژی داعشدا بەدیهاتووە.

بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سێباستیان لوکۆرنۆ، وەزیری بەرگریی فەرەنسا پەیوەندیی بە خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیاوە کردووە و پێی گوتووە، ئەنجامدانی لەشکرکێشی بۆ سەر سووریا “هانی هەڵاتنی داعشەکان دەدات.”

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری بەرگریی فەرەنسا داوای لە هاوتا تورکییەکەی کردووە، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر رۆژئاڤا بوەستێنێت، چونکە ئەم هێرشانە “دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و ئەو بەرەوپێشچوونەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دژی داعش بەدەستیهێناوە.”

سێباستیان لوکۆرنۆ هۆشداری بە خولوسی ئاکار داوە بەوەی کە “هێرشکردنە سەر سووریا هەڕەشە لە سەلامەتیی ئەندامانی هاوپەیمانی دەکات کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا” واتە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر “کاردەکەن و هانی هەڵاتنی چەکدارانی داعش دەدات.”

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان وەزیرانی بەرگریی فەرەنسا و تورکیا رۆژی سێشەممە 29ـی تشرینی دووەم ئەنجامدراوە و رۆژی چوارشەممە 30ـی تشرینی دووەم وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا ئاشکرایکردووە.