هەولێر – نۆرس پرێس
کاتژمێر حەوتی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ، ئاگر لە یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی ناز سیتی لە شاری هەولێر کەوتەوە و تا ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەهۆی رووداوەکەشەوە کەسێک برینداربووە.
سەرچاوەیەک بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە نهۆمی هەشتەمی یەکێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ناز سیتی ئاگر کەوتەوە و لە دوای چەند کاتژمێرێک تیمەکانی بەرگری شارتسانی توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
سەرچاوەکە رایگەیاند کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی تەقینی غازی چێشتخانەی ماڵیک بووە لە باڵەخانەکە کە چێشتخانەی ماڵەکە بە تەواوی سووتاوە و لە ئەنجامدا کەسێک بریندار بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بریندارەکە رەوانەی یەکێک لە نەخۆشاخانەکانی پارێزگای هەولێر کراوە و لە ئێستادا بارودۆخی جێگیرە.