وەزیری بەرگری ئەمریکا “دژایەتی توند”ی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە سوریا بە هاوتا تورکەکەی راگەیاند
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
پێنتاگۆن دەڵێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ خولوسی ئاکار، هاوتا تورکییەکەی کردووە و “دژایەتیی تووندی” خۆی بەرامبەر ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لە لایەن ئەنکەرەوە بۆ سەر سوریا پێ راگەیاندووە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “وەزیر لۆید ئۆستن داوای لە هێورکردنەوەی بارودۆخەکەی کرد، هەروەها دژایەتیی تووندی وەزارەتی بەرگریی بەرامبەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی تورکیا لە سووریا دەربڕی.”
پێنتاگۆن هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئۆستن سەرەخۆشی لە تورکیا کردووە بۆ گیانلەدەستدانی ئەو کەسانەی بەر تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ کەوتوونەتەوە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئۆستن لەگەڵ ئاکار تەنیا رۆژێک دوای ئەوە هات کە سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن گوتی، لەشکرکێشیی نوێی تورکیا بۆ سەر سوریا “زیانی سەخت دەگەیێنێت” بەو دەستکەوتانەی لە دژی داعش بەدەستهاتوون، کە هەسەدە لە بەدیهێنانیان رۆڵێکی سەرەکی بینی.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئاکار و ئۆستن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بابەتەکانی بەرگری و ئاسایشی ناوچەکەیان کردووە.
ئاکار ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا و ئەمریکا دوو هاوپەیمانی گرنگی یەکدین و گوتوویەتی: “لەپێناو هێنانەدی ئاسایش بۆ سنوورەکانمان و گەلەکەمان، هەروەها بە پشتبەستن بە مادەی 51ـی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە میانی مافی رەوای بەرگری لەخۆکردن ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجامدراون.”
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە “هەماهەنگی و هاریکاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا سوود بە ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگەیێنێت”، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەماهەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، یەپەگە و داعش نیشانداوە و رایگەیاندووە، “تاکە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکان تیرۆریستانن، هەرگیز زیانگەیاندن بە هێزەکانی هاوپەیمانان و هاووڵاتییانی مەدەنی لەئارادا نییە.”