نوێنەری مەسەدە لە واشنتن داوای هەڵوێستی بەهێزتر لە واشنتن دەکات
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوێنەری مەسەدە لە واشنتۆن، داوای کرد هەڵوێستی ئەمریکا بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی تورکیا لە هێرشکردنە سەر رۆژئاڤا و باکووری سوریا رابگرێت.
ماوەی زیاتر لە دە رۆژە تورکیا هێرشی ئاسمانی و هێرشی تۆپخانەکانی بۆ سەر دەیان شوێنی جیاجیای باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و بەهۆیەوە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنین و ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەی خاپوور کردووە.
سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە” لە واشنتۆن رایگەیاند، دەبێت هەڵوێستی ئەمریکا بەهێزتر بێت، هەروەها لێدوانەکانی ئەمریکا روونتر بێت بۆ ئەوەی تورکیا لە هەر کردەیەکی سەربازی زەمینی لە باکووری سوریا دوور بخاتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، ، هەر هێرشێک بۆ سەر ناوچەکە، چ کۆبانی بێت یان هەر شوێنێکی دیکە، هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ناسەقامگیر دەکات، هەروەها هەموو ئەو دەسکەوتانە لەناو دەبات کە لەرووی سەقامگیرییەوە بنیات نراون، لەوانە شکستهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت واشنتۆن فشاری زیاتر بخاتە سەر تورکیا بۆ وەستاندنی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی، وتیشی واشنتۆن دڵنیایی داوە لە رەتکردنەوەی هەر ئۆپەراسیۆنێکی تورکیا.
لە لێدوانێکی پێشوودا بۆ نۆرس پرێس، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە” لە ئەمریکا، سینەم محەمەد رایگەیاندباا، “وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نوسینگەی مەسەدەی لەو وڵاتە ئاگادارکردەوە لە رەتکردنەوەی هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازی، ئاسمانی و زەمینی” دژ بەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنتڕۆڵکراون لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا”.
سینەم ئاماژەی بەوەشکرد، “لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆنگرێس و پنتاگۆن، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیان بدەینێ لە پێشهات و هەڕەشەکان کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیل و ناوچەکە، ئەمەش ململانێیەکی نوێ لە ناوچەکە دروست دەکات”.
لە لێدوانێکی جیادا وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا و نوێنەری باڵای حکومەتی ئەمریکا لە باکوری سوریا رەتکردنەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەیان راگەیاند کە هێرش دەکاتە سەر هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رووبەڕوبوونەوەی داعشدا.