پێنتاگۆن: کاروانی سەربازی هاوبەشمان لەگەڵ هەسەدە کەمکردووەتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن دەڵێت، بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، کاروانی سەربازی هاوبەشیان لەگەڵ هێزی سووریای دیموکرات – هەسەدە کەمکردووەتەوە.

ژەنەراڵ پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە ڤێرجینیا “نیگەرانیی قووڵی” پێنتاگۆنی لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و شەڕی دژی داعش دەبێت.

گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشانەی تورکیا دەستکەوتەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەدەستهێندراون، دەخاتە “مەترسییەوە.”

پاتریک رایدەر دەڵێت: “ئێمە بە قووڵی نیگەرانی گرژبوونی دۆخەکەین لە باکووری سووریا، عێراق و تورکیا. بۆیە داوای دانبەخۆدا گرتن دەکەین. بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان بەتایبەتی هێرشی زەمینی، ئەو دەستکەوتانەی بەزەحمەت کە لە دژی داعش بەدەستهێندراون دەخاتە مەترسییەوە؛ هەروەها ئەوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.”

ئەمە یەکەم هۆشداری ئەمریکا بەرامبەر بە بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نییە.

 رۆژی دووشەممە 28-11-2022، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، نایانەوێت هیچ کردەیەکی سەربازی لە ناوچەکە ببینن، بەتایبەتی لە سووریا کە دەکرێت قوربانی زیاتری لێبکەوێتەوە و دەکرێت زۆرینەیان خەڵکی سڤیل بن.

لەگەڵ ئەوەشدا جۆن کێربی رایگەیاند: “تورکیا بەهۆی ئەوەی بەردەوام بووەتە قوربانی هێرشی تیرۆریستی ئینجا لەسەر سنوورەکانی بێت یان لەنێوخۆی وڵاتەکەی، مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی و هاووڵاتییانی بەرامبەر بەو هێرشانە بکات.”