هاککەرانی “بلاک ریوارد” تۆمارێکی دەنگی فەرماندەکانی بەسیجی ئێران بڵاودەکەنەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

تۆمارێکی دەنگی بەشێک لە فەرماندەکانی بەسیجی ئێران لە لایەن گروپی هاککەرەکانی “بلاک ریوارد” دزەی پێکرا کە تیایدا لەبارەی ترس و نیگەرانی بەپرسانی ئێران لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێستای ئەو وڵاتەوە گفتوگۆدەکەن.

گروپی هاککەرانی “بلاک ریوارد” لە دوای هاککردنی ماڵپەڕی ئاژانسی فارس نیوز زمانحاڵی سوپای پاسدارانی ئێران تۆمارێکی دەنگیان دەستکەوتووە کە وردەکاری کۆوبوونەوەی قاسم قورەیشی جێگری فەرماندەی هێزەکانی بەسیج و کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەری راگەیەندنی سەر بە سوپای پاسدارانی تێدایە.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا، بەرپرسەکانی ئێران باس لە مامەڵەکردن لەگەل خۆپیشاندانەکان دەکەن لەگەڵ چەن بابەتێکی جیاوازی دیکە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو کۆبوونەوەیە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم ئەنجامدراوە و ماوەی دوو کاتژمێری خایاندووە.

هەروەها تۆمارە دەنگییەکە باس لە زانیاریی دیکەی بەرپرسان و بیروبۆچونیان لەبارەی خۆپیشاندانەکە و چەند کەیسێکی دیکە دەکات.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا، قاسم قورەیشی جێگری فەرماندەی هێزەکانی بەسیج باس لە لایەنە نوێیەکانی خۆپیشاندانەکانی ئێران و پلانەکانی حکومەت و دامەزراوەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناڕەزاییەکان دەکات.

بەبپیی وتەی یەکێک لە بەرپرسانی ناو کۆبوونەوەکە کە لە تۆمارە دەنگییەکەدا تۆمار کراوە، بەلایەنی کەمەوە ٧٠٪ی کۆمپانیاکانی ٢١ پارێزگای ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەکەن.