پنتاگۆن هۆشداری دەدات لە هەر کردەوەیەکی سەربازی لە باکووری سوریا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی هەر کردەیەکی سەربازی لە باکوری سوریا چونکە کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش دەبێت و دەستکەوتەکانی دژی تیرۆریش دەخاتە مەترسییەوە.

پاتریک رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، لەئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات مانۆڕی گەڕانی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کەمکردوەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ هێرشەکانی تورکیا دەگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پنتاگۆن هۆشداری دەدات لە کاریگەرییەکانی هەر کردەیەکی سەربازی تورکیا لە باکوری سوریا، چونکە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لەلایەن تورکیاوە بۆسەر باکوری سوریا دەستکەوتەکانی دژی داعش دەخاتە مەترسییەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) دەڵێت، ئەوان لە هاوکاریکردنی هەسەدە بەردەوام دەبن، لە هەمانکاتیشدا لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگەن سەبارەت بە “کردەوەی تیرۆرستی” کە لەسەر سنورەکانی رویانداوە، بۆیە داواش لە ئەنقەرە دەکات دانبەخۆیدا بگرێت.

لای خۆیەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندوە، ئەوان مامەڵەی هاوشێوە دەکەن بەرامبەر ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانیان، لە هەمو دۆخێکیشدا ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانیان و داواش لە واشنتن دەکەن هەڵوێستی بەهێزتری هەبێت بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەنکەرە.