مۆسکۆ ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی رووسیا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشان بدات، مۆسکۆ دەتوانێت دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتۆن دەستپێبکاتەوە.

لاڤرێنتیڤ لەگەڵ میدیاکانی رووسیا سەبارەت بە سوریا قسەی کرد، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە جەنگاوییە دەچێتە دوازدەهەمین ساڵی قەیرانەکانییەوە.

ئەو بەرپرسەی رووسیا رایگەیاند کە ئەمریکا بەرپرسیارە لە راگرتنی هەموو پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان بە سوریاشەوە، ئەمەش لە وەڵامی پرسیارێکدا هات کە ئایا رووسیا دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە سوریا.

بەڵام لاڤرێنتیڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن سەبارەت بە سوریا تا ئێستا تاریکە.

وتیشی، “پێموایە دەکرێت بە پرەنسیپ قسەیان لەگەڵ بکرێت، کەسانی عەقڵانیش لە ناو دامەزراوەی ئەمریکیدا هەن کە دەتوانن گوێبگرن و دەتوانن بڕیاری ئاسایی و هاوسەنگ بدەن کە نەک تەنها لە بەرژەوەندی ئەمریکادا دەبێت، بەڵکو لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر