ئاسایشی رۆژئاڤا دە ئەندامی داعش لە گوندەواری دێرەزوور دەسگیردەکەن

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گوندەواری دێرەزوور دە ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان دەستگیرکرد.

ئاسایش، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی رایگەیاندووە، دوای چاودێریکردنی جموجۆڵی یەکێک لە شانەکان و لە رێگەی بۆسەیەکی توندەوە، توانیویانە کۆمەڵێک ئەندامی “داعش” لە شارۆچکەی ئەبو خەشاب، باکووری رڕۆژئاوای دێرەزوور دەستگیر بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، شانەکانی رێکخراوەکە جموجۆڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە.

هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆردا گرت کە لە دەستی ئەو گروپەدا بوو.

هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەندامانی شانەکە بەردەوامن، پێش ئەوەی رادەستی فەرمانگەی داواکاری گشتی بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان لەدژیان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : عەدنان حەمۆ