سوودانی: 182 ملیار دینار لە پارە دزراوەکە گەڕێندراوەتەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی 182 ملیار دیناری لە پارە دزراوەکەی عێراقی راگەیاند کە کۆی پارەکە 3.7 ترلیۆن دینارە.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “بەشێک لە پارە دزراوەکانی پارەی باج گەڕێندرایەوە بە هەوڵی دڵسۆزان لە دادوەران، دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندارەکان لە بەرپرسان و لە رێگەی بە دواداچوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و بەدواداچوونی خودی خۆمەوە.”

وەک محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، “ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە توانیویانە، بەشی یەکەمی ئەو پارە دزراوانە بگەڕێننەوە کە بڕەکەی 182 ملیار دینار و 678 ملیۆن و 344 هەزار دیناری عێراقییە.”

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، “لە سەرەتای ئەو دزیە گەورەیە، لایەنەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، لە رێگەی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی دووەمی تایبەت بە پرسی دەستپاکی.”

محەممەد شیاع سوودانی باس لە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە دەکات و دەڵێت: دوای زنجیرەیەک رێکار و لێکۆڵینەوە، لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوە پێکێهینرا لە وردبینی و لێکۆڵەرەوان لە دەستەی دەستپاکی، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و ئەندامییەتی فەرمانبەران لە بانکی رافیدەین، دەستەی گشتیی باج و وەزارەتی دارایی بۆ وردبینیکردن لە مامەڵەی ئەو چەکانە کە لە باج و گومرگ خەرجکراون.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت: لەمیانەی لێکۆڵینەوەکاندا سەرپێچییەکان دیاریکراون لەگەڵ ئەوانەی کەمتەرخەم بوون و ئاسانکارییان کردووە بۆ ئەوەی دەستبەسەر ئەو پارانە دابگرن، هەندێک بەشدار و هاوکار بوون لە کۆمپانیا و ناوەکان. لایەن هەبووە لەنێو دەستەی گشتیی باجەکان و لەنێو دامەزراوەی چاودێریش و لایەنی دیکەی بەرپرس کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان رایدەگەیێنین.