حمێمیم: بەرەی نوسرە دوو هێرش لە ناوچەکانی ئاگربەستی ئیدلیب ئەنجام دەدەن
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە بنکەی حمێمیم لە سوریا رایگەیاند، چەکدارانی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) دوو هێرشیان لە ناوچەی ئاگربەست لە ئیدلب ئەنجامداوە.
دوێنێ یەکشەممە، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا، ئۆلێگ ئیگۆرۆڤ، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری رابردوودا، دوو ئۆپەراسیۆنی بۆردومانکردن لە ناوچەی ئاگربەست لە ئیدلب لە پێگەکانی سەر بە رێکخستنی بەرەی نوسرەوە، ئەنجامدراون.”
لە 22ی ئەم مانگەدا، ناوەند تۆمارکردنی 10هێرشی بۆردومانی راگەیاند کە لەلایەن چەکدارانی تەحریرشامەوە لە ئیدلب ئەنجامدراون.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا ئاشکرای کرد کە تەحریرشام و پارتی ئیسلامی تورکمان خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی حمێمیمی رووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، ئامادە دەکەن.
ماوەی چەند مانگێکە ناوچەکانی ئاگربەست پەرەسەندنی سەربازی و ئاڵوگۆڕی تۆپباران لە نێوان هێزەکانی حکومەت و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، بەخۆوە دەبینێ، کە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.