سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای گەرەنتی لە بەغدا دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

بۆ تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانی، کە بەهۆی تەقینەوەکەی دهۆکەوە دواخرابوون، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە سەردانی بەغدای کردەوە، ئەمجارە یەکەم دیداری لەگەڵ هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان بوو بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائی کە تێیدا بەهێزکردن و هاوئاهەنگیی پەیوەندیی هەولێر و بەغدا دووپاتکرانەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی گوتن، پێویستە پشتیوانی لە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەوانیش پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو پرسە دووپاتکردەوە.

دووەم کۆبوونەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بوو کە قاسم ئەعرەجی، بە ئاڵای کوردستانەوە لەنێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی کرد. پاشان سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوی بە محەممەد شیاع سوودانی کەوت کە بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو سەردانی ئێران بکات.

دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و پاشان عادل عەبدولمەهدی و رەوتی سەدر و نەهجی وەتەنی. نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوانیش ئەو پرسانەی تاوتوێکرد کە پەیوەستن بە قوتی خەڵک و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە پاش سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەرفەتێک هاتووەتەوە ئاراوە کە هەولێر و بەغدا بەم نزیکانە و بەر لە تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 رێکبکەون و هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکانی دیکەش بنێن.