خۆپیشاندەران لە قامیشلۆ داوای راگرتنی هێرشەکانی تورکیا دەکەن

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

هاونیشتمانییان لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان رژانە سەر شەقامەکان و بە بەرزکردنەوەی وێنەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە خۆپێشاندانیان کرد و دروشمیان دژی دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە گوتەوە.

خۆپێشاندەرانی قامشلۆ ئاماژە بەوە دەکەن، هەڕەشەکان کاریگەرییان لەسەریان نابێت و زێدی خۆیان چۆڵ ناکەن.

هاونیشتمانییان لە کاردانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا نیگەرانن و دەڵێن، واشنتن دەتوانێت گوشاری گەورە لەسەر تورکیا دروستبکات بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بووەستێنێت.

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رۆژی 20ی ئەم مانگە دەستیپێکرد. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا 59 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 19یان شەڕڤان و 16 کەسیان هاووڵاتی سڤیل بوون.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بەوەش دەکات، 73 کەس لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە برینداربوون کە 33 کەسیان سڤیل، 13 شەڕڤان و ئەندامی هێزی ئاسایش و 25ـیشیان سەر بە سوپای سووریان.