پنتاگۆن كوژرانی سه‌رۆكی داعش له سوریا راگه‌یاند
قامشلۆ-نۆرس پرێس
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه كوژرانی ماهير عەقال، سه‌رۆكی داعش-یان لە سوریا راگه‌یاند.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوی ئه‌و به‌رپرسانه، له رێی درۆنه‌وه ماهیر و جێگرەکەی پێکەوە له گوندی غالتانی سه‌ر به جه‌ندێرس کراونەتە ئامانج، هه‌رچه‌نده کوژرانی جێگرەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
په‌ڕه‌كانی سه‌ر به ئۆپۆزسیۆنی سوریا بڵاویانكردوه‌ته‌وه، برینداره‌كه‌ی تریش به هه‌مان شێوه گیانی له ده‌ستداوه، به‌ڵام نۆرس پرێس ئه‌و زانیارییه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوه‌وه ده‌ستنه‌كه‌وتوه.
به‌پێی وته‌ی عەقید دەیڤ ئیستێرن، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە کاتی لێخوڕینی ماتۆرسیکل لە نزیک شارۆچکەی جندرێسی سەر بە عەفرین، سه‌رۆكه‌كه‌ی داعش به ئامانج گیراوه.
ئه‌وه‌شی وتوه، سه‌ركرده‌كه‌ی داعش هه‌وڵی فراوانكردنی تۆڕه‌كانی داعش له ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سوریا داوه.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه فه‌رهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی میدیایی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) رایگه‌یاندوه، چه‌كدارانی داعش به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركیا جموجوڵ ده‌كه‌ن.
له ساڵی 2018وه عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیا‌و چه‌كداره‌كانی لایه‌نگرییه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
له 16-6-2022 هاوپه‌یمانی نێوده‌ڵه‌تی دژ داعش، له رێی دابه‌زاندنی ئاسمانییه‌وه له شاری جه‌رابلوس هانی ئه‌حمه‌دی كوردی ده‌ستگیركرد، كه دروستكه‌ری بۆمب بو له ناو داعشدا‌و ئاسانكاری بۆ چالاكییه‌كان چه‌كداره‌كانیان ده‌كردو یه‌كێك بو له گه‌وره سه‌ركرده‌كانی داعش، به‌پێی ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه له‌وكاته‌دا رایگه‌یاند.
له 3-2-2022یش، ئۆپراسیۆنی كوشتنی عه‌بدوڵا قه‌رداش، ناسراو به “ئه‌بو ئیبراهیم هاشمی قوڕه‌یشی”، سه‌رۆكی رێكخراوی داعش له ناوچه‌ی ئه‌تمه له باكوری ئیدله‌ب و له نزیك سنوری توركیا به‌ڕێوه‌چو.