هه‌سه‌ده‌ كوژرانی 12 سه‌ربازی توركیای راگه‌یاند

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

رۆژی هه‌ینی، ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات “هه‌سه‌ده‌” كوژرانی 12 سه‌ربازی توركیای راگه‌یاند له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا كه‌ له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردووه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یاندنێكی هه‌سه‌ده‌، له‌ ماوه‌ی 5 رۆژی رابردوودا، هێزه‌كانیان 4 هه‌وڵی دزه‌كردنی گروپه‌كانی سه‌ر به‌ توركیای پوچه‌ڵكردۆته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌و هه‌وڵانه‌دا 8 چه‌كداری ئۆپۆزسیۆن كوژراون، بێ ئه‌وه‌ی‌ هه‌سه‌ده‌ ناوی ئه‌و ناوچانه‌ ئاشكرا بكات كه‌ گروپه‌كانی توركیا هه‌وڵیاندابوو  تیادا دزهی بكه‌ن.

هێرشه‌‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان پێی ناوه‌ته‌ رۆژی شه‌شه‌م و له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا ئه‌و هێرش و بۆردوومانانه‌ بوونه‌ته‌‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و شه‌رڤانانی هه‌سه‌ده‌و ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی حكومه‌تی سوریاو وێرانكردنی ژێرخانی ناوچه‌كه‌.

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی: ره‌هه‌ف یوسف