مەترسی هێرشەکانی تورکیا لەسەر رۆژئاڤا بۆ عێراق درێژ دەبێتەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، لیوا جەبار یاوەر شارەزا لە کاروباری سەربازی و ئەمنی رایگەیاند، هەر هێرشێکی سەربازی تورکیا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە دروست دەکات، چونکە رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش، بەمەش دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش شکستی داعش.

یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، بوونی ماڵباتەکانی داعش لە کامپەکانی سوریا و عێراق و زیندانەکانی هەردوو وڵات، دۆسیەیەکی مەترسیدارە و لەگەڵ گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەدا مەترسیدارتر دەبێت.

یاوەر بە تایبەتی تیشکی خستە سەر کامپی هۆل کە زۆر مەترسیدارە، وەک خۆی باسی کرد، دوو رۆژ لەمەوبەر بەر هەڵمەتەکانی تورکیا کەوت و بووە هۆی هەڵاتنی ژمارەیەک ماڵبات لە کامپەکە.

مەترسییەکانی ناو کامپەکان، بە گوتەی ئەو پسپۆڕە عێراقییە، ئەوەیە کە ئەو منداڵانەی لەوێدان، ژمارەیان زیاتر لە 10 هەزار، زۆربەیان چوونەتە دۆخێکی هزری مەترسیدارەوە، کە لەسەر بنەمای بیری ئەو رێکخراوە توندڕەوە بنیات نراوە.

یاوەر ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە کامپەکان، ئەو زیندانانەی کە سەرکردە و ئەندامانئ داعشی تێدایە لە سوریا، بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان، بوونەتە ناوەندی پلاندانان و بیری داعش، بەڵگەش ئەوەیە کە لە زیندانی گوەیران لە سەرەتای ئەمساڵدا روویداوە و ئەو رووداوانەی لە کامپی هۆل ناو بە ناو روودەدەن.

بەگوێرەی ئەوەی ئەو پسپۆڕە ئەمنییە باسی کرد، مەترسییەکانی کامپ و زیندانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات کاتێک لەلایەن تورکیاوە دەکرێنە ئامانج، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی هەڵاتنی ئەندامانی داعش یان ماڵباتەکانیان.

لیوا جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم مەترسییە بۆ عێراقیش درێژدەبێتەوە، تەنانەت رەنگە کاریگەری لەسەر گەشەی داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانە هەبێت کە پێشتر تێیدا بوونیان هەبووە وەک میسر و لیبیا و ناوچەکانی دیکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر