رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان چالاکییەکانیان لە کامپی هۆل رادەگرن
حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، لە پاشخانی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا زیاتر لە 15 رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چالاکییەکانیان لە کامپی هۆل راگرت.
شەوی رابردوو، هێزەکانی بەرپرسیار لە پاراستنی مەترسیدارترین کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانیان کردە ئامانج.
شێخموس ئەحمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، “بەئامانجکردنی ئەم دواییەی کامپی هۆل لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیان لە کامپی هۆل و دەرەوەی کەمپەکە هەبووە”.
ئەحمەد بە ئامانجگرتنی کامپی هۆل لەلایەن تورکیاوە بە پەیامێک زانی بۆ رێکخراوە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و تەنانەت داعشیش.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو رێکخراوانەی لە کامپەکەدا کاردەکەن، سەرەڕای داواکاریی بەڕێوبەری کامپەکە کە بەردەوام بن لە کارەکانیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەکانی سوریا و ئاوارە عێراقییەکان، چالاکییەکانیان راگرت.
ناوبراو بەداخ بوو کە ژمارەیەک رێکخراو چالاکییەکانیان راگرتووە، هەرچەندە دۆخی کامپەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدا بووە.
دوێنێ شەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شوێنەکانی دەوروبەری کەمپی هۆلیان بۆردومان کرد، لەنێویاندا پێگەیەکی سەربازی ئەو هێزانەی بەرپرسیارن لە پاراستن و پاسەوانیکردنی کامپەکە.
بەگوێرەی راگەێنراوێکی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەرپرسیاری پاراستنی کامپەکە بووە.
ئەو بەرپرسە لە بەڕێوبەری خۆسەر ئاماژەی بەوەدا کە چالاکییە پێویستەکانی بەردەوام بوونی ژیان هێشتا بەردەوامن و کارمەندانی هەندێک رێکخراوی وەک مانگی سووری کوردی و خاچی سووری نێودەوڵەتی و رێکخراوی بلومۆنت هێشتا کاران.
ئەحمەد پێیوابوو کاریگەری بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر کامپەکە مەترسیەکەی بۆ سەر ئەو رێکخراوە مرۆییانەی کە کاردەکەن، کەمتر نییە لەو مەترسیانەی کە لەلایەن داعشەوە روبەڕوویان دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی تورکیا لەم هێرشانەدا راگرتنی چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانی ناو کامپەکە، ئەمەش دەبێتە هۆی پاڵنانی دانیشتوانی کامپەکە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی و دروستکردنی پشێوی.
ئەو بەرپرسە هۆشداریشی دا کە بەردەوامی راگرتنی کارەکانیان لەلایەن رێکخراوەکانەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخی کامپەکە لەم هەلومەرجەدا دەبێت و داوای لە هەموو لایەک کرد بگەڕێنەوە بۆ چالاکییەکانیان.
لە بەرامبەردا جیهان حەنان، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کامپی هۆل بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، “زیاتر لە 15 کۆمەڵە و ڕرێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چالاکییەکانیان لە کامپەکەدا راگرتووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆمەڵە و رێکخراوانە بە هۆکاری پەیوەندیدار بە نیگەرانییە ئەمنییەکانیان، دوای بۆردومانەکانی دوێنێی تورکیا، کارەکانیان راگرتووە.
نزیکەی 30 رێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هەروەها ژمارەیەک کۆمەڵەی ناوخۆیی لە کامپی هۆلدا کار دەکەن، کامپەکە نزیکەی 53 هەزار ئاوارەی سوری و پەنابەری عێراقی و ماڵباتی بیانییەکانی ئەندامانی داعش لەخۆ دەگرێت.