نێردەی ئەمریکا: بە توندی دژ بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەین کە سەقامگیری سوریا دەخاتە مەترسییەوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، نیکۆلاس گراینگەر، نێردەی باڵای ئەمریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەمریکا بەتوندی دژ بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەیە کە سوریا ناسەقامگیر دەکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵکشانی تورکیا لە ناوچەکانی باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان.
ئەو لێدوانە لە وەڵامی پرسیارەکانی نۆرس پرێسدا هات لە لایەن گراینگەرەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی زوومەوە.
گراینگەر داوای رڕاگرتنی دەستبەجێی “هێرشەکان”ی کرد و دەشڵێت: واشنتۆن هێرشەکانی تورکیای لە سوریا پەسەند نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەڵکشان لە سوریا مەترسی لەسەر سەلامەتی هاوڵاتیانی سڤیل و بەرپرسانی ئەمریکی دروست دەکات”.
نوێنەری باڵای واشنتۆن بۆ رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، “جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ برێت مەکگۆرک کردووە و باسیان لە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی تورکیا کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ ئەوەی داوایان لێبکەین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رابگرن”.
جەختیشی کردەوە کە ئەوان “پابەندن بە بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات”، و نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە “ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستا کە هەڕەشەی هەنگاوی هاوبەش لە دژی رێکخراوەکە دەکەن”.
نوێنەری باڵای ئەمریکا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکانی تورکیا کرد.
لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە ناوچەکانی باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان شایەتی هەڵکشانی سەربازی بوون لەلایەن تورکیاوە، بەو پێیەی لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانەوە ناوچەیەکی فراوانی کردوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ژێرخانی بەرفراوان لەناوچوون و دەیان هاوڵاتی سڤیل و سەربازی و کارمەندان، شەهید بوون.