جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی: ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بی بی سی ئینگلیزی راگەیاند، ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
لە کاتێکدا تورکیا بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئێوارەی چوارشەممەی رابردوو “هەسەدە” راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشی راگەیاند.
عەبدی زیادی کرد: ئەمە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی دووەم لە سوریا و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
هەروەها وتی: به هاوبه ش بوون له هاوپه یمانی نێوده وڵه تی، شەڕی ده وڵه تی ئیسلامیمان کرد و شکستمان پێهێنان، بەڵام ئەوەی تورکیا دەیکات، ئەو دەسکەوتانە لەناودەبات.
ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی (هەسەدە) هۆشداریشیدا لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر توانای هێزەکانیان دەبێت بۆ پاراستنی ئەو کامپانەی کە خێزانەکانی داعشیان تێدا نیشتەجێیە.
وتیشی: “هێزەکانمان سەرقاڵی پاراستنی گەل و خێزانەکانمان دەبن، ئێمەش چیدیکە ناتوانین پاسەوانی کامپەکان بکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دەسەڵاتدارانی تورکیا دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانی وەک وێستگەکانی کارەبا و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی نەوتیان کردوەتە ئامانج”، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵ و ئاوارەبوونی ناوخۆیی”.
عەبدی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە: “ماوەی هەشت ساڵە شانبەشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەنگ لە دژی تیرۆر دەکەین، هاوکات پێکەوە جەنگمان کرد بۆ شکستپێهێنانی داعش، بەڵام ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکردووە، هەموو ئەوانە دەخاتە مەترسییەوە.”
وتیشی: دەرئەنجامەکان بەراستی ترسناک دەبن، نەک تەنها بۆ ئێمە بەڵکو بۆ هەموو جیهان.